مینی پاڵاوگه تیرێکی کوشنده له سەر جەستەی گۆمی زرێبار
بیناکردنی ئەم پاڵاوگه ئەبێته هۆی کەمبوونەوەی ژێرخانی ئاوی ناوچەکه و هەڕەشەیه بۆ گیانلەبەرانی گۆمەکه.
تاڵاوی زرێبار له مەودای ۳ کیلۆمەتری رۆژاوای شاری مەریوان هەڵکەوتووه و یەکێکه له شوێنه گەشتیاری یەکانی پارێزگای کوردستان.
هەرچەند له ریزبەندی تاڵاوەکانه بەڵام ئاوەکەی شیرینه و سەرچاوەکەی پەیوەسته به کانیاوەکانی بنی گۆمەکه و بارشتەوه.
بەداخەوه ئەم تاڵاویشه وەکوو هەموو ئێکۆسیستمەکانی تر کەوتووەته بەر هەڕەشەی لەناوچوون. سەبارەت به دوایین بارودۆخی زرێبار وتووێژی کرفتو نیووز له گەڵ بەڕێز سەید سەیوانی ئەمینی دەخوێننەوه؛
– وادیاره زرێبار لە مەترسی دایە؛ بە رای ئێوه گرینگترین هەڕەشەکان لەسەر ئەم تاڵاوه چین؟
بەرچاوترین مەترسی و هەڕەشه، هەبوونی لەمپەرێکی خاکییە که رێگره له سەرڕێژ بوونی سروشتی تاڵاوەکه و بەم هۆوه بارسایی یێکی زۆر له نشتن (رسوب) که دێته ناوی وردەوردە کانیاوەکانی بنی گۆمەکه ئەگیرێن و وشک ئەبن و ئەبێته هۆی کەم ئاوی گۆمەکه. نۆکەندێکیش (کاناڵ) که له باکوورەوه بۆ هاوردنی ئاو بۆ ناو گۆمەکه لێدراوه بووەته هۆی هاتنی پەیینی کیمیاوی ناو زەوی یه کشتوکاڵیەکان بۆ ئێره! هەروەها ئەم نۆکەنده کاتێ ئاوی پێدا دێ که گۆمەکه پێویستی به ئاو نیه!
– بەڕێوەبەرایەتی تاڵاوەکەیش گوایه زۆر رێکووپێک نیه؛
بەڵێ، یەکێکی تر له کێشەکان نەبوونی بەڕێوەبەرایەتی یەکەیه. هەر رێکخراوه و دایەرەیێ به چاوی کەڵک وەرگرتن بۆ خۆی ئەڕوانێته زرێبار. لەم باروودۆخەدا شاهیدی بەڕێوەبەرایەتی یێکی شێواو و شپرزەین که ئەبێته هۆی کەمتەرخەمی لایەنەکان.
– هاتنە ناوەوەی زێراب چ خەسارێک له گەڵ خۆی دێنێ؟
ناکرێ ئەمەش لەبەر چاو نەگرین، زۆر بەداخەوه بارسایی یێکی زۆر له زێرابی گوندەکانی کەرتی رۆژهەڵات و کەوێڵەکان و بڕێک له گەڕەکەکانی ناوشار ئەڕژێته ناو زرێبار و ئەبێته هۆی سەوزبوونی گژوگیا و زەلکاو، که خۆی ئەبێته هۆی کەمئاو بوونی تاڵاوەکه.
– پاڵاوگەیێک خەریکه لێره لێئەدرێ، ئەرێ ئەمه ئەبێته کێشه بۆ تاڵاوەکه؟
بابەتی بەرچاوتر دامەزراندنی پاڵاوگەیێکه له باکووری زرێبار، ئەو شوێنەی که ژینگەی ئاژەڵ و باڵندەکانه و ناوچەی قەدەخە کراوه بۆ راوکردن!
ئەگەر ئەم پاڵاوگه رێکەوێ، تیرێکی کوشندەیه له جەستەی زرێبار و تەواوی ناوچەکه. پار هەواڵی دامەزراندنی پاڵاوگەکه کەوته رۆژەڤ و بڕیار بوو له ۴۰ کیلۆمەتری زرێبار دامەزرێ که هەمووی زەوی کشتوکاڵییه و نۆکەندێکیش لەوێوه دێته تاڵاوەکه.
ئەم پاڵاوگه بۆ پاڵاوتنی نەوتی ئێراقه که به تانکرەوه دێته ئێران.
راوێژکارانی دامەزرێنەرانی پاڵاوگەکه ئەڵێن ئاستی بەکارهێنانی ئاو لەم پاڵاوگه لە ساڵدا ۵۶۰ هەزار متری سێ جایه و له رێگەی لێدانی بیرەوه دابین ئەکرێ . له لایێکه دیکەوه دەشتی (بێڵۆ) خاوەنی سەرچاوەی ئاوی ژێرزەمینی فراوانە، بەڵام ئاماژه کراوه که ئەبێته هۆی نزمبوونەوەی ئاستی ئاوەکه بەتایبەت له وەرزی بێ ئاویدا، که ئەمه مەترسیه لەسەر تاڵاوەکە و گیاندارانی ناوچەکه.
– بارودۆخی ئاوی زرێبار چۆنه ؟ ئایا بارشتەکان وڵامدەری ئاوی زرێبار هەیه یان له داهاتوودا پێویستی به لێدانی نۆکەن و هێنانی ئاو هەیه بۆ تاڵاوەکه؟
بەسەر ئەوەی بارودۆخی تاڵاوەکانی ئێران باش نیه و یەک له دای یەک لەناو ئەچن، بەڵام بارودۆخی زرێبار باشه و بە بەراوەرد له گەڵ تاڵاوەکانی تر له کەشێکی چاک دایه. پارەکه دوای ۱۵ ساڵ رێژاوی ئاومان بوو له سەر لەمپەرە خاکی یەکه، که جێی خۆشحاڵی یه. له وڵامی بەشی دووەمی پرسیارەکەتانا ئەبێ بێژم: نۆکەندێ بۆ تاڵاوەکه لێدراوە بەڵام چونکو فیلتەری نیه، نەبوونی باشتره له بوونی.
ـ پاراستنی تاڵاوەکان و به تایبەت زرێبار له ئەستۆی چ رێکخراوەیێکه؟
تاڵاوەکان ئەبێ بەڕێوەبەرایەتی یەکپارچەیان هەبێ، نمینەک و سەرمەشقی نوێی تەواو جیهان بۆ تاڵاوەکان سەرمەشقی بەڕێوەبەرایەتی ئێکۆسیستمی یه. لەم گەڵاڵەیه ئەبێ کەڵک وەرگرتنەکان تەنیا بۆ پاراستنی تاڵاوەکه بێت.
ـ راوەماسیش بەشێکه لەم کەڵک وەرگرتنه؟
ئێمه ئەتوانین بەشی گەشتیاری و سرووشتگەردی پەره پێ بەین و هاوکات کەرتی کشتوکاڵ و راوکردنیشمان هەبێ.
بەڵام ئەم راوەماسیەی ئێستا لەبەر ئەوەی ساڵانه سەدان هەزار ماسی ئەکرێته ناو گۆلەکه و ئەبێته هۆی لەناوچوونی ماسیه خۆماڵیەکان، کێشەی دروست کردووه.
ـ هەمیشه له کاولکردنی ژینگەدا، بێجگه له هۆکاره سروشتیەکان، مرۆڤیش رۆڵی هەیه، سەبارەت به زرێبار ئەم هۆکاره چەنده کاریگەره؟
ئێکۆسیستمەکان رەوتێکیان هەیه و دوای سەردەمێ لەناو ئەچن، مرۆڤیش ئەم رەوته توندتر ئەکاتەوه. هەروەک هەموو ماسی و گیانلەبەران و پەلەوەر و باڵندەکانی قەراخی تاڵاوەکان، مرۆڤەکانیش مافی کەڵک وەرگرتنی هەیه، بەڵام ئەبێ ئەم کەڵک وەرگرتنه ژیرانه بێ و دەرفەت بداته گیانلەبەرانی تریش. ئەگەر ئەم کەڵک وەرگرتنه رێکخراو نەبێ له داهاتوودا مرۆڤەکان زیان ئەبینن.
له کەرتی سەیاحەتی و گەشتیاری و پەرەدانی کشوکاڵ له قەراخی تاڵاوەکان، کەڵک وەرگرتنەکان ئەبێ بۆ پاراستن بێت.
- هیوا موحه ممه دپوور
شما هم در قسمت نظرات در مورد این مطلب بنویسد بعد از تائید مدیر منتشر خواهد شد
