کۆچی ژیان لە زەوی

  • وشکەساڵی و گۆڕانکارییەکانی ناوچە، هۆکاری سەرلێ‌شێواوی و تاراو و ئاوارەبوونی باڵندەکانه و کۆچی ناکاو و سەرنەکەوتووبوونیانە لە زاوزێ.

ساڵەهایە که ژینگەی پارێزگا بەهۆی بێ‌بەشبوون و کەم‌بوونی پارە و بڕ، زیان و خەسارێکی قەرەنەبووکراوی به خۆیەوە بینیوە. ئەمە لە ئاستێک‌دایە که وشکەساڵی لە دەهەی ڕابردوودا، کێشەکانی ژینگەیی پارێزگای زۆرتر کردووتەوە و پەراوێزی بەربڵاوتر کردووە. ئەم بەڵا و کەسەرانە بریتیە لە کۆچی باڵندەکان، لەناوچوونی پۆسەنی ڕووەکی، وشک‌بوونی سەرچاوە ئاوییەکان و بەدوای ئەوەدا لەناوچوونی چەشنە و جۆری گیانەوەرانی ئەسڵی و کۆچەوار.

بۆ لێکۆڵینەوە لەمەڕ ژینگەی کوردستان، لەگەڵ «سەید ناسح حوسێنی‌ڕاد» ئەندامی ئەنجومەنی سەوزی چیا و بەرپرسی گرووپی چاودێریی باڵندەکانی ئەم ئەنجومەنە هەڤپەیڤینێکمان بووە که له دوایی‌دا دەیخوێننەوە.

▪️بارودۆخی جۆر و چەشنە گیاییەکان لە کوردستان، بە چ شێوەیەکە؟

بەپێی ئاکامی هەندێک لە توێژینەوەکان، پتر لە ۱۵۰ جۆری گیای دەوایی و دەرمانی لە پارێزگادا ناسراوە. کەم‌بوونی بارین و وشکەساڵی و ئاگرلێکەوتنەکانی ناوچە سروشتییەکان و کۆکردنی نابەجێی گیاکان، زیان و خەسارێکی قەرەبوونەکراوی بەسەر سروشت و گیای پارێزگادا هێناوە، به‌شێوەیەک کە هەموو ساڵێک ڕەوتی کەم‌بوونی ڕسان و هەستانی ئاڵف و گیاکان دەبینین. بەگشتی پێویستە بڵێین زەنگی مەترسیی لەناوچوونی جوری گیا جۆرواجۆرەکان لە کوردستان‌دا هاتووەتە دەنگ.

▪️وشەکەساڵی و کەم‌بوونی بارین چ کاریگەرییەکی لەسەر سوونەوەی (فرسایش) خاک لە کوردستان‌دا بووە؟

بەشی هەرەگەورەی ژینگە و لە ڕاستی‌دا ڕەچەڵەکی هەموو گیانەوەرانی سەر زەوی، بەهۆی ئاوەوە زیندوون، سەرچاوەیەکی بەنرخ که مرۆڤ بە دەرکەوتەکانی دوور لە چوارچێوە لە ئاو، خولی خاپوورکردنی خۆی بەجێی هێناوە. کەم‌بوونی بارین بووەتە هۆکاری کەم‌بوونی تەڕیی خاکیش. بەم کەم‌بوونەوە، ئاوی پێویست بۆ گەشەی گیاوگوڵ نەماوە و بەهۆی تین و گەرمای ناکاوی کە لە بەهاردا دێتە ئاراوە، ژاکاوی و وشک‌بوونی گیاکانی لەگەڵ‌دایە. هەر ئەمەش هۆکاری وشکیی دارستانەکانی کوردستانە. بەندی پاراستنی سوونەوەی خاک که زۆربەی هەمان گیا و دارستانەکانە، لەناوچووە و بە دەسپێکی لەوەڕی ئاژەڵەکان و یەکەم بارینی باران، لەناوچوونی پتر لە ڕادەی و ناباوی خاک دەبینین..

▪️ژینەوەریی کێوی بە سەرنجدان به ڕەوتی وشک‌ساڵی چ کارەسات و خەسارێکی بینیوە؟!

پارێزگای کوردستان، بە هەبوونی ۲۱۰ جۆری باڵندە، ۳۱ جۆری شیردەران، ۱۳ جۆری ماسی، ۱۷ جۆری خشندە، ۱۱ جۆری دووژینە، بەرهەڤۆکێکی دەگمەنی لە جۆرواجۆریی بیۆلۆژیکی هەیە. بەسەرنجدان بە لەناوچوونی سروشتی دەشتەکان و چەشنە جۆرواجۆرەکانی گیاکان و سوونەوەی خاک بەهۆی وشک‌ساڵییەوە گۆڕەپانی ژینەوەریی پارێزگا، ڕۆژ لەدوای ژۆژدا تەنگ‌تر دەبێتەوە. وشک‌ساڵیی چەند ساڵی پێشوو هۆکاری وشک‌بوونی کانی و ڕووبارەکانە و یەکەم چەشنێک کە لە مەترسیی‌ لەناوچوون‌دایە بەپێی شێوەی ژیانیان، دووژینەکانە.

▪️چ جۆرێک لەم باڵندانە زۆرتر لە مەترسیی لەناوچوون‌دایە؟

چەشنێکی کەم و دەگمەن وەکوو خەجۆکەی کوێستانی (سمندر) که زۆر لە مەترسیی لەناوچوون‌دایە و ڕەنگە ئێمە دوایین ڕەگەز بین که ئەم گیانەوەرە جوانانە دەبینین. بە سەرنجدان بە ئەوەیکە دووژینەکان لە پارێزی خۆراکیی گیانەوەرانی تردان، بە لە مەرترسی‌دابوونیان، پەلەوەرەکان و تەنانەت هەندێک لە ئاژەڵەکانیش لە هەڕەشەی لەناوچوون‌دان.

بۆ نموونە: ئەمساڵ لە قەڵای لەق‌لەقەکان ‌که یەکێک لە دەگمەن‌ترین کۆی لەق‌لەقەکانە نەک هەر لە ئێران بەڵکوو لە دونیادا، بەهۆی کەم‌بوونی خۆراکی که هەمان دووژینەکانن (قوڕواق)، زیانێکی زۆری بووە، بەشێوەێەک که پتر لە ۳۰ لەسەدی جووجەڵە لەق‌لەقەکان مردوونە. لە ئیکۆسیستەمێکی سروشتی‌دا چەشنەکان پێکەوە گەشە و پێگەیشتن و ڕێکەوتن پەیدا دەکەن، بەڵام وشکە‌ساڵی هۆی تێکەڵ‌بوون و داڕووخانی ئیکۆسیستەمە لە کوردستان‌دا.

▪️ڕۆڵی وشکەساڵی لەسەر سەفەر و کۆچی پەلەوەرەکان چۆنە؟

لە وڵاتی خۆمان، هەر ڕۆژ هەواڵی وشک‌بوونی گۆم و ئاوگیرەکان دەبیسین. وشکەساڵی و گۆڕانکارییەکانی ناوچە، هۆکاری سەرلێ‌شێواوی و تاراو و ئاوارەبوونی باڵندەکان و کۆچی ناکاو و سەرنەکەوتووبوونیانە لە زاوزێ.

لە مەڵبەندی پەلەوەرە زاوزێ‌کەرەکانی زرێباردا بە بۆنەی گەرمای لە ڕادە بەدەری، زۆربەی جووجەڵەکان، سەر لە هێلکە نایەنە دەر و هێلکەکان لە ژێر گەرمای سووتێنیی مانگی جۆرزەردان دەچن. ئەمساڵ لە زرێباردا گەواهی کۆچی ناکاوی باڵندەکان بووین، جۆرێک کە لە مانگی پووشپەڕدا باڵندە کۆچەرەکانمان دەبینی که لە ساڵانی پێش لە مانگی خەزڵوەردا چاوەڕوانی گەیشتنیان بووین. باڵندەکان بە فۆرمی زاوزێ که هێمای سەرنەکەوتووبوونیانە لە هێنانی جووجەڵە و ئەمە ڕووداوێکی چاوەڕوان‌نەکراو و خراپ بۆ باڵندەکانە.

🔸هەڤپەیڤینی: هیوا موحەممەدپوور

 

شما هم در قسمت نظرات در مورد این مطلب بنویسد بعد از تائید مدیر منتشر خواهد شد